ڕاستەوخۆ

عەلی لاریجانی: لە فەلسەفەی کانتەوە بۆ سیاسەتی شەڕ و ئەتۆم

reset font size increase font size

ڕێژنە سەردار 

لە ساڵی 1979 لە حەوزەی قومی ئێران، خێزانێک دەژیان، کە دواتر بوونە ناوێکی دیاری کایەی سیاسی ئێران، "خێزانی لاریجانی"

باوکیان، ئایەتوڵا میرزا هاشم عامولی، مامۆستایەکی بەناوبانگی حەوزەی ئیسلامی ئێران بوو، ساڵانێکی زۆر لە نەجەف خوێندبووی، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران، ماڵەکەی دەکاتە شوێنی کۆبوونەوەی پیاوانی ئاینی و ڕۆحانی ئێران و وردە وردە دەبێتە دەستە ڕاستی عەلی خامنەیی، رێبەری پیشووی باڵای ئێران.

ئەم خاڵە دەبێتە دەستپێکی باڵادەستی ئەم خێزانە بە دنیای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێرانەوە کە زۆرجار بە "تۆڕی دەسەڵات" ناودەبرێن.

عامولی باوک، لە نێوان عێراق و ئێراندا ژیابوو، هه‌ر پێنج كوڕه‌كه‌ی وا پەروەردە کرد لە دین و سیاسه‌ت دانه‌بڕێن.

عه‌لی لاریجانی و براكانی گرنگرتین پۆسته‌ سیاسی و ئه‌كادیمییه‌كانی ئێرانیان وه‌رگرت، لە نێوان ئەم پێنج برایەدا، عەلی لاریجانی وەک کەسایەتییەکی سەرەکی دەرکەوت؛ کەسێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا وەزیری ڕۆشنبیری، بەڕێوەبەری سەداو سیمای کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکی پەرلەمان بووە، دواتریش گەیشتە پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و یەکێک بووە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەتۆمی و گفتوگۆکان لەگەڵ ڕۆژئاوا.

لە کاتی شەڕ ئێران و عێراقیشدا سەربازی سوپای پاسداران بووە.

لاریجانی لە ناو سیستەمی ئێراندا وەک "ئەندامێکی ناوخۆیی شارەزا" ناسراوە، پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ سوپای پاسداران، دامەزراوە ئایینییەکان و سیاسەتمەداران هه‌بووه‌ و دەتوانێت لە نێوان ئەم هێزانەدا هاوسەنگی دروست بکات.

هەروەها، لاریجانی بە شێوەیەکی گشتی وەک کەسێکی “کۆنەپەرست بە ئاڕاستەی پراگماتیزم"ناسراوە، کە هەمیشە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایه‌كی مامناوەندی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدا.

بەمشێوەیە، چیرۆکی عەلی لاریجانی لە زانکۆ و فەلسەفەوە بۆ ناوەڕاستی بڕیاردانی ئەتۆمی و شەڕ، و دواتر بوون بە کەسێکی سەرەکی دوای مردنی ڕێبەری باڵا، نموونەیەکی ڕوونە لە شێوازی کارکردنی سیستەمی سیاسی ئێران، سیستەمێک کە تێیدا بنەماڵە، ئایین و سیاسەت بە شێوەیەکی توند بەیەکەوە پەیوەستن و چارەنووسی وڵات زۆرجار لە ناو بازنەیەکی سنوورداردا دیاری دەکرێت.

عەلی لاریجانی، لە ساڵی 1957 لە نەجەف-عێراق لەدایک بووە و خەڵکی لاریجان بووە، لە ساڵانی دوای شۆڕش بە توندی تەپڵی شەڕی "رۆژئاواییبوون"ی لێدا و خۆی بە سەرچاوەی ئەو چەمکسازییە دەزانی و هەوڵی دابوو بەربەستێک لە دژی هزری سیاسی ڕۆژئاوا و بەتایبەت مارکسیزم دروست بکات.

لە هەمانکاتدا، بەکالۆریۆسی لە بیرکاری و ماستەر و دکتۆرای لە فەلسەفەدا هەیە، مامۆستای بەشی فەلسەفەی تارانە و سێ کتێبی هەیە، لەسەر فەلسەفەی "ئیمانوێل کانت"، لەگەڵ چەندین وتاری فەلسەفی دورودرێژ، بەمەش ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بوه‌وە، لە لایەک پێیان دەوت "فەیلەسوفی زارەکی" لە لایەکی دیکەش بە " فەیلەسوفی دەسەڵات" ناودەبرا، له‌ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بە تەنزەوە بۆیان دەنوسی، "بەیانیان فەلسەفەی کانت دەڵێتەوە و ئێواران خەڵک دەکوژێت."

لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕۆڵی لاریجانی لە سیاسه‌تی ئێراندا زیاتر ده‌ركه‌وت، هەروەها بووە یەکێک لە کەسە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و بەردەوامی هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە و تیایدا باسی لەوە کردبوو، عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران، عەلی لاریجانی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و دەستەبەرکردنی مانەوەی وڵاتەکەی لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا ڕاسپاردبوو.

بەڵام دیارە ئەم قۆناغەش زۆر درێژ نەبوو، چونكه‌ ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لاریجانی لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە.

 لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوشتنەکەی لە لایەن ئیسرائیله‌وه‌، پرسیارێکی گەورە لەسەر داهاتووی سەرکردایەتی و هاوسەنگی دەسەڵات لە وڵاتدا دروست دەکات، چونکە زۆربەی کەسایەتییە سیاسییە گرنگەکانی ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیل و ئه‌مریكاوه‌ کوژراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.