شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، و سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە، لیوا عیسا عوزێر، ئەمڕۆ سێشەممە لە عەممان بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی سەربازیی هەرێمیدا کرد بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی سنوورەکان و تەحەدا ئەمنییە هەنووکەییەکان.
کۆبوونەوەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سوپای ئوردن لە پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، تێیدا بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی ناوچەکە کۆبوونەوە.
جیا لە شاندی هەرێمی کوردستان، سەرۆکئەرکانی سوپای ئوردن، ژەنەڕاڵ یوسف ئەحمەد ئەلحنەیتی، سەرۆک ئەرکانی سوپای سووریا و سەرۆکئەرکانی سوپای عێراق بەشدارییان تێدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە و سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە جەختیان لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان و پەرەپێدانی چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی لە کاتێکدا کە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، کردەوە.
هەروەها بەشداربووان جەختیان کردەوە کە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە پێویستی بە کاری هاوبەشی بەردەوام و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاریی ئەمنی هەیە بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و داهاتوو.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئوردن لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە و تاوتوێی بوارەکانی هاوکاریی سەربازی و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان کرد.