سێنتکۆم ڕایگەیاند لە 24 کاتژمێری دەستپێکی گەمارۆکەدا، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە هێڵەکانی گەمارۆ تێپەڕبکات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ئەمریکی ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەڕێوە دەبەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لە یەکەم 24 کاتژمێری دەستپێکردنی گەمارۆکەدا، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەناو هێڵەکانی گەمارۆکەدا تێپەڕ ببێت. ئەم گەمارۆیە کە بەندەرەکانی ئێران و بەشێک لە گەرووی هورمز دەگرێتەوە، لە کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێکردووە.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، گەمارۆکە بەبێ جیاوازی بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە ناو بەندەرەکان و ناوچە کەناراوەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا پارێزگاری لە ئازادیی کەشتیوانی بۆ ئەو کەشتییانە دەکەن کە بەرەو بەندەرە نائێرانییەکان دەچن.
ئەو هێزە ئەمریکییەی کە ئەرکەکەی پێسپێردراوە، لە دەریاوانان، هێزی مارێنز و فڕۆکەوانان پێکهاتووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئەمریکا، زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگی و هەروەها 100 فڕۆکەی سیخوڕی و جەنگی لەم گەمارۆدانە بەشدارن.