ڕاستەوخۆ

سری ساکک: ئاشتی پێویستی بە بوێرییە و ناکرێت تەنیا کورد سەرکێشی بکات

reset font size increase font size

سری ساکک، پەرلەمانتاری ناسراوی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت کە ناکرێت پرۆسەی ئاشتی تەنیا لەسەر بنەمای هەستیاریی یەک لایەنە دابڕێژرێت و پێویستە دەوڵەتی تورکیا دان بە ماف و هەستیارییەکانی گەلی کورددا بنێت، چونکە بە گوتەی ئەو "ئاشتی پێویستی بە بوێرییە و ناکرێت تەنیا کورد لایەنی ڕیسککەر بێت."

ساکک لە شیکردنەوەیەکدا بۆ "پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی" ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە کراوە، دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بێت بۆ گۆڕینی کێشەیەکی خوێناوی بۆ ناو کایەی سیاسی و مەدەنی کە دەرەنجامەکەی بە قازانجی هەموو لایەک بشکێتەوە، بەڵام گوتیشی: "دەبینم کە هەندێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا دەیانەوێت ئەم هەنگاوە بچووک و بێبایەخ نیشان بدەن."

ناونانی کێشەی کورد بە 'تیرۆر' هەڵەیە

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لەو گوتارە گرت کە تەنیا باسی "تورکیای بێ تیرۆر" دەکات و ڕەهەندە سیاسی و دیموکراتییەکەی کێشەی کورد دەشارێتەوە؛ ئەو گوتی: "کۆت وبەندکردنی کێشەیەکی گەورەی سەد ساڵە لە چوارچێوەی وشەی 'تیرۆر'دا، لە بنەڕەتدا هەڵەیەکی کوشندەیە.

ئەگەر باس لە هەستیاریی تورکەکان دەکرێت، ئەی کوا ڕێزگرتن لە هەستیارییەکانی کورد؟ کێشەیەک کە بووەتە هۆی ئازار و زیانی گەورەی ماددی و مەعنەوی، بەم ڕووکەشگەراییە چارەسەر نابێت."

ساکک ڕوونیشیکردەوە کە کورد تەنیا داوای گێڕانەوەی ئەو مافە سروشتیانە دەکات کە لێی زەوتکراون، وەک: خوێندن و وەرگرتنی خزمەتگوزاری بە زمانی دایک، ناساندنی دەستووریی ناسنامەی کوردی، پاراستنی کلتوور و مێژوو، ڕێزگرتن لە ئیرادەی سیاسی و کۆتاییهێنان بە سیستمی قەیوم، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی دادپەروەرانە لەگەڵ ئازارەکانی ڕابردوو.

20 مانگ بەسەر پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و ئەنقەرە سستە

سروی ساکک تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی کات کوشتنی دەسەڵات و ڕایگەیاند: "نزیکەی 20 مانگە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت.

پەکەکە ئەوەی لەسەری بوو لە پرسی کشانەوە و بێدەنگکردنی چەکەکان ئەنجامیدا، بەڵام لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ئەنقەرە قاچی ڕادەکێشێت و هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەناوە، تەنانەت هاوسەرۆک و سەرکردە هەڵبژێردراوەکانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و سێلجوق مزراکڵی هێشتا لە زینداندان."

ساکک هۆشداری دایە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە و گوتی: "دواخستنی ئاشتی تێچووەکەی قورستر دەکات و بێمتمانەیی قووڵتر دەکاتەوە. پرۆسەی ئاشتی نابێت بکرێتە قوربانیی حیساباتی تەسکی ناوخۆیی و تاکتیکێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات، چونکە ئاشتی پێویستی بە ئەقڵییەتێکی ستراتیژیی دەوڵەتداری هەیە، نەک دروستکردنی کەشی ترس و سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا."

هەڵوێستی باخچەلی و پێگەی ئۆجالان

سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لەسەر پێگە و دۆخی ئۆجالان، ساکک گوتی: "ئەو قسانە پێچەوانەی نەریتی باوی سیاسیی تورکیان و بە وردی چاودێری دەکەین، بەڵام ئێمە سەیری کرداردەکەین نەک تەنیا گوتار. پرسی پێگەی ئۆجالان مژارێکی کەسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دەستنیشانکردنی میکانیزمی سەرەکیی دانوستاندن و شەرعییەتی چارەسەری سیاسییەوە هەیە. ئەگەر ئەمە بۆ کات کوشتن بێت کۆمەڵگە دەیزانێت، بەڵام ئەگەر هەنگاوی ڕاستەقینە بێت، ئێمە پشتگیریی دەکەین."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.