زیاتر لە 350 وەزیر و باڵیۆز و بەرپرسی باڵای پێشووی ئەوروپا، لەنێویاندا جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی پێشووی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، داوای هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا و ئیسرائیلیان کرد. لە نامە کراوەکەدا ڕەخنەی توندیان لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە خاکەکانی فەڵەستین گرت.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتێکدا کە بیروڕای گشتیی جیهانی لەسەر قەیرانەکانی دیکە چڕبووەتەوە، ئیسرائیل لەژێر پەردەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران و لوبنان، "سیاسەتی داگیرکاری و سەرکوتکردن" لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە قودسی ڕۆژهەڵات چڕتر دەکاتەوە.
واژۆکاران ئیدیعایان کرد، کە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل، وەک دەسەڵاتێکی داگیرکەر، "بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی" خۆی بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان پێشێل دەکات.
واژۆکاران داوایان لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کرد، ڕێککەوتنەکە بە تەواوی یان بەشێکی ڕابگرن و بازرگانی بە کەرەستەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگرن.
ڕێککەوتنەکە لە ساڵی 1995 واژۆ کراوە و لە ساڵی 2000 کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چوارچێوەی یاسایی بۆ پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل دیاریکردووە. لە مادەی دووەمی دەقەکەدا هاتووە کە دەبێت پەیوەندییەکان "لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و بنەما دیموکراسییەکان" بەڕێوەبچن.