پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ساڵیادی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ڕایگەیاند، ڕۆژنامەگەری کوردی نوێنەرایەتی نەریتێکی 128 ساڵەی خۆڕاگری کورد دەکات و دەشڵێت، پێویستە کۆتایی بە فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت و ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازاد بکرێن.
دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ڕۆژنامەگەری کوردی لە هەلومەرجی دەربەدەری و سانسۆر و چەوساندنەوەدا دەرچووە و "یەکەم مەشخەڵی کە لە قاهیرە داگیرسا، سەرەتای گەڕانی کورد بوو بۆ گەیاندنی دەنگی بە جیهان".
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژنامەنووسان لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی دادگایی دەکرێن و زیندانی دەکرێن، کە ئەمەش دژی یاساکانی ڕۆژنامەگەرییە لە جیهاندا.
لە ڕاگەیەنراوەکردا هاتووە، سڵاو بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین کە بەردەوامن لە تێکۆشانیان بۆ ڕاستی، هەروەها ئەو میدیاکارانەی لە پێناو گەیاندنی ڕاستی گیانیان لەدەستداوە.