لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا، قۆناغێکی نوێی دۆسیەی دیلەکان دەستی پێکرد و ژمارەیەک شەڕڤان بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنیان گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەقتان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوخۆی ڕۆژاڤا، ژمارەیەک لەو شەڕڤانانەی کە لە زیندانەکانی مەنبج و حەلەب بوون، گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئەقتان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی کۆتایی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەنجامدراوە.
تاوەکو ئێستا لە کۆی 1070 دیل کە لە هاوڵاتیانی مەدەنی و شەڕڤانانی هەسەدە پێکدێن، 859 کەسیان ئازاد کراون و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.
لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسیەی دیلەکان بەردەوامە، هێشتا 211 کەس لە زیندانەکانی حکومەتی کاتییدان و چاوەڕێی تەواوبوونی ڕێکارە یاسایی و سیاسییەکان دەکەن.
سەرەڕای هەنگاونان بۆ ئازادکردنی ئەو دیلانە، بەڵام نەبوونی وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئازادکردنیان و گەڕانەوەیان بۆ ناو کەسوکاریان، نیگەرانی و دڵەڕاوکێی لای خەڵک و بنەماڵەکانیان دروست کردووە.