ڕاستەوخۆ

دۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕێککەوتنە نەوتی و گازییەکانی ئەمریکاى ئیفلیج کردووە

reset font size increase font size

ڕاپۆرتی/ کوردستان لەزگییەڤا


ڕۆژنامەى فاینانشیاڵ تایمزى بەریتانى بڵاویکردەوە، بەهۆى بەرزبونەوەى نرخى سوتەمەنى بە ڕێژەیەکى بەرچاو لە ئەمریکا، نزیکە دۆخى مامەڵەکردن بە سوتەمەنى بگاتە ئاستى ڕاگرتن و لە ئێستاشدا هیچ گرەنتیەک نیە کە نرخەکان جێگیر بکرێن.

یەکێک لە خاوەن پشکەکانى کۆمپانیای یاسایی ڤینسۆن ئەند ئێلکینزى تایبەت بە بوارى وزە، بە ڕۆژنامەکەى گوتووە: هەموو شتێک ڕاگیراوە و گرێبەستە درێژخایەنەکان لە ئێستادا گەیشتوونەتە دۆخى ئیفلیجی و کاریان پێناکرێت، ئەوەش بەهۆى ناجێگیرى لە نرخى سوتەمەنى.

ڕۆژنامەکە لە زارى یەکێک لە بەڕێوەبەرى بانکەکانى لەندەنەوە بڵاویکردەوە، چەندین مامەڵەمان ڕاگرتووە و پێشبینی دەکەین کۆنفرانسی ساڵانەی وزەی CERAWeek  کە بڕیارە لە ٢٣-٢٧ـى ئەم مانگە لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس بەڕێوەبچێت، لە دۆخێکى نائاسایی بەڕێوەدەچێت.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە زاری پاتریک پویانی سەرۆکی کۆمپانیای نەوت و گازى تۆتال ئینێرجیەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە شەش مانگ بخایەنێت، ئەوا ئابووریی جیهان زیانیان پێدەگات.

ڕۆژنامە فەڕەنسیەکە باسی لەوەشکردووە: واشنتۆن هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی ئەو ململانێیەی کە خۆی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی بڵاویکردووەتەوە کەم بکاتەوە و بە جۆرێک مۆڵەتی کڕینی بڕێکى زۆر نەوتی ئێرانی داوە کە لەناو خەزانەکاندا هەڵگیراون کە بڕەکەى دەگاتە نزیکەی ١٤٠ ملیۆن بەرمیل نەوت.

ئەوەش هاتووە: ئەم بڕیارە زۆرێک لە چاودێرانی تووشی سەرسوڕمان کرد، چونکە وا دیارە بەرپرسانی ئەمریکا ناتوانن بیر لە ڕێگایەکى باشتر بکەنەوە، ئەمەش ئەو قەیرانە جیهانیە دەردەخات کە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەریان هەڵداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو: بەرپرسانى ئێران ڕایانگەیاندووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە وزەییەکانی وڵاتەکەیان جێبەجێ بکات، ئەوا گەرووی هورمز بە تەواوی دادەخەن و گەرووەکە ناکەنەوە تا ئەو کاتەی دامەزراوە وزە زیانلێکەوتووەکانیان چاک دەکەنەوە.

لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەى ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی هاتووە: لێدوانەکانى بەرپرسانى ئێران و ئەمریکا لەبارەى دۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هیچ ئاسۆیەکى ڕوونیان تێدا بەدى ناکرێت بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە و گەڕانەوەى جێگیرى بۆ بازاڕى وزەى جیهانى.

هەروەها، ڕیچارد واکەر ڕاوێژکارى سەرکوەزیرانى بەریتانیا بۆ کاروبارى وزە لە گوتارێکدا پێشنیاری کردووە: دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەى یاسایەکى باجى نوێ بەسەر کۆمپانیاکانی بوارى وزەدا بسەپێنن بۆ ئەوەی بە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت و گازەوە فێڵ لە دانیشتووانی وڵاتەکەیان نەکەن و قۆرخکارى لە نرخەکان نەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.