پەیمانی "نیو ستارت"، دوایین رێککەوتنی نێوان روسیا و ئەمریکا، بۆ رێگرتن لە پەرەسەندی چەکی ئەتۆمی، پێنجشەممەی داهاتوو کۆتایی پێدێت و تا ئێستا هەڵوێستێکی روون، لە لایەن مۆسکۆ و واشنتن رانەگەیەندراوە. پەیمانی " نیو ستارت"، ساڵی ٢٠١٠، لە نێوان باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا و دیمیتری مێدڤێدیف، سەرۆکی پێشووی روسیا، لە پێتەختی چێک واژۆ کرا.
ئەم پەیمانە وەک جێگرەوەی رێککەوتنەکانی پێشوو، بووە دوایین رێککەوتنی نێوان روسیا و ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی. کۆتاییهاتنی ئەم پەیمانە، دوای چەند دەیە لە رێککەوتنەکانی شەڕی سارد بەدواوە، بە واتای کۆتاییهاتنی بەربەستەکانی بەردەم دوو هێزی گەورەی ئەتۆمیی جیهانە. ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوامە لە کشانەوەی وڵاتەکەی لە چەندین رێککەوتنی نێودەوڵەتی. ترەمپ پێیوایە ئەم رێککەوتنانە، توانا و ئازادییەکانی ئەمریکا سنووردار دەکەن و درووشمی "سەرەتا ئەمریکا" دووبارە دەکاتەوە.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا ساڵی رابردوو پێشنیاری درێژکردنەوەی پەیمانی "نیو ستارت"ی بۆ ماوەی ساڵێک، کردبوو. ترەمپ، لە وڵامی پێشنیارەکەی پوتین وتبووی: پێدەچێت، بیرۆکەیەکی باش بێت. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی هاتنی ئەم پەیمانە، تا ئێستا هیچکام لە روسیا و ئەمریکا، هەڵوێستێکی روونیان لەم پێوەندییەدا دەرنەبڕیوە.