کۆمیتەی گەل و باوەڕیی دەم پارتی، لەبارەی فتوایەکی موفتی ناوچەی گیادین لە پارێزگای ئاگری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فورات نیوزیش، موفتی ناوچەکە لە ڕێگەی گروپێکی واتسئاپەوە فەرمانی بە مامۆستایانی ئایینی داوە جگە لە زمانی تورکی، بە هیچ زمانێکی تر خزمەتگوزاری پێشکەش نەکەن، هاوکات پێشتریش نوچە تیڤی هەواڵی فتواکەی بڵاوکردبووەوە.
ئەندامی کۆمیسیۆنەکەی دەم پارتی لەبارەی ئەم بڕیارەوە ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوە دژی دەقە ئایینی و مافە سروشتییەکانی مرۆڤە. بەگوێرەی ئایەتی ٢٢ی سورەتی ڕۆم لە قورئانی پیرۆز، جیاوازی زمان و ڕەنگی مرۆڤەکان نیشانەی گەورەیی خودان. قەدەغەکردنی زمانێک کە خودا وەک نیشانەی خۆی ناساندوویەتی، نەک هەر هەڵوێستێکی سیاسییە، بەڵکو دژایەتیکردنی بەها ئایینییەکانیشە".
دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: "قبوڵکراو نییە دامەزراوە ئایینییەکان کە دەبێت خزمەتی ئاشتی بکەن، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی زمان و ناسنامەی گەلی کورد بەکاربهێنرێن".
کۆمیتەکەی دەم پارتی جەختی کردەوە، کە ڕێگریکردن لە گوتاری ئاینی و پەرستش بە زمانی دایک، فشارێکی گەورەیە بۆ سەر ئایینی خەڵک و داوایان کرد ئەم بڕیارە دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە.
لە ساڵانی ڕابردودا چەندین جار مامۆستایانی ئایینی لە ناوچە کوردییەکان بەهۆی خوێندنەوەی گوتاری ئایینی بە زمانی کوردی، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و لادان لە کارەکانیان بوونەتەوە.
دهم پارتی دژی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە ناوەندە ئایینییەکان هاتە دەنگ
له پارێزگای ئاگری باکوری کوردستان، دهم پارتی دژایەتی خۆی بۆ بڕیارێکی مەڵبەندی فتوای ناوچەی گیادین ڕاگەیاند، کە تێیدا بڕیاردراوە خزمەتگوزارییە ئایینییەکان تەنیا بە زمانی تورکی بن.