دەزگای دادوەریی ئێران لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیارێکی نوێی دژی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەرکرد و بە گوێرەی بڕیارەکە دەست بەسەر سەرجەم سەرچاوە دارایی و موڵکەکانیاندا دەگیرێت.
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، بڕیاری دەستگرتن بەسەر مۆڵک و ماڵی 129 کەس دراوە کە تۆمەتبار کراون بە دژایەتیکردنی حکومەتی ئێران.
عەتەباتی هۆشداریشی دا کە توندکردنەوەی ڕێکارە یاسایی و ئەمنییەکان و گوشارەکان بۆ سەر نەیارانی دەسەڵات بەردەوام دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا دەزگای دادوەریی ئێران هیچ زانیاری و وردەکارییەکی لەسەر ناسنامەی ئەو 129 کەسە ئاشکرا نەکردووە کە بڕیاری بلۆککردن و دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانیانی بۆ دەرچووە.
هاوکات حکومەتی ئێران پێشتر چەندین جار لە ژێر ناوی تۆمەتی جۆراوجۆری وەک "سیخوڕی، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و ئەنجامدانی چالاکی دژی دەوڵەت"، دەستی بە سەر مۆڵک و دارایی نەیار و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دا گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێیانوایە کە دەسەڵاتی تاران ئەم جۆرە بڕیارە دادوەرییانە وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن، سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و شەرعیەتدان بە ڕێکارە ئەمنییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەکاردێنێت.