حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە تەرخانکردنی یەک ترلیۆن دینار بە مەبەستی پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران و بوژاندنەوەی ئابووری، کە تێیدا نیوەی ئەو بڕە پارەیە ڕاستەوخۆ بۆ جوتیاران خەرج دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتی عێراق، بڕیارەکە بەم شێوەیە دابەش کراوە:
٥٠٠ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ خەرجکردنی ڕاستەوخۆی شایستە داراییەکانی جوتیاران، بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ناوخۆیی و بەهێزکردنی بژێوی ئەم توێژە گرنگە.
٥٠٠ ملیار دینارەکەی دیکە دەخرێتە سەر "سندوقی نەوەکان"، بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان و پەرەپێدانی گەشەپێدانی بەردەوامی ئابووری لە وڵاتدا.
حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە که ئەم هەنگاوە داراییانە بە ڕێکارێکی گرنگ دەزانن بۆ بوژاندنەوەی ڕاستەوخۆی بازاڕ و پتەوکردنی بناغەکانی پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە سەرانسەری وڵاتدا.