دەزگای دادی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانیی بە ناوەکانی یەعقوب کەریمپوور و ناسر بەکرزادە ڕاگەیاند، کە بە تۆمەتی "هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوی مۆسادی ئیسرائیل" مەحکوومی کردبوون.
بە گویرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، یەعقوب کەریمپوور تەمەنی 41 ساڵ بووە و لە باوەڕمەندانی ئایینی یارسان و خەڵکی میاندواو بووە، کە لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپابوو.
ناسر بەکرزادە، زیندانیی ٢٦ ساڵەی کورد کە بە تۆمەتی"سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" ماوەی سێ ساڵ بوو دەستبەسەرکرابوو. باوکی ناسر جەخت دەکاتەوە، کوڕەکەی بێتاوانە و تەنها "بەهۆی جەنگی ئەم دواییە"وە پێداگریی لە سزای لەسێدارەدانەکەی کراوەتەوە.
بەردەوامیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە کاتێکدایە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کۆماری ئیسلامی بەردەوام مافی زیندانیانی سیاسی پێشێل دەکات و لە ڕێگەی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەردەگرێت.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەم دواییەوە تاوەکو ئێستا، دەزگای دادی ئێران لانیکەم 25 زیندانیی لەسێدارە داوە کە بەشێکیان ئەندامی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بوون، یان لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیر کرابوون کە تۆمەتی سیخوڕییان خرابووە پاڵ.