تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەیدا ڕایگەیاند، تورکیا ناتوانێت بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، بانگەشەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بکات و لە حاڵەتی پێشکەشکردنی چنین پێشنیازێکیشدا، کەس متمانەی پێناکات؛ جەختیشی کردەوە کە پێویستە پێش هەموو شتێک تورکیا لەڕێگەی دانوستانەوە پرسی سەد ساڵەی کورد چارەسەر بکات.
لە گوتەکانیدا، باکرهان تیشکی خستە سەر چەندین تەوەر و پەیامی گرنگ:
هێزی کورد لە ناوچەکەدا: لە سەدەی بیست و یەکەمدا کورد بووەتە یەکێک لە هێزە هەرە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزێکی ڕێکخراوە کە دەتوانێت خوێندنەوەی ڕاست بۆ گۆڕانکارییە هەرێمی و جیهانییەکان بکات و بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە هەڵوێستی خۆی دیاری بکات.
کاریگەریی یاسای چوارچێوە: یەکەم هەنگاو دەتوانێت قەدەری وڵاتێک بەتەواوەتی بگۆڕێت، و یاسای چوارچێوەش هەنگاوێکی لەو جۆرەیە. ئەو یاسایەی پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت هەموارکردنەوەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو لەمەودوا لە جێگەی چەک سیاسەت و لە جێگەی شەڕ یاسا قسە دەکات و دەستپێکێکی نوێیە.
چارەسەرکردنی پرسی سەد ساڵە: هەرچەندە ئاگادارین کە تەنها بە یاسایەک ناتوانرێت پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەد ساڵە بە تەواوی چارەسەر بکرێت، بەڵام یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەوەیە کە پرسی کورد لە زەمینی شەڕ و پێکدادانەوە دەگوازێتەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، هاوکات دەرگا بۆ سیاسەتی دیموکراتیک واڵا دەکات.
لە کۆتایی گوتەکانیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا کە لە سایەی ئەم یاسای چوارچێوەیەدا، ئەم هەفتەیە دەرگای پرسێکی سەد ساڵە دادەخرێت و دەرگای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ دەکرێتەوە.