سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی بۆ گەلی ئێران دەردەبڕێت و دەڵێت، "کاتی ئازادیتانە و هەرچیشتان بووێت، پێتان دەبەخشین."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدا، ڕوو لە گەلی ئێرانی وتی: کاتی ئازادیتان ئێوە هاتووە، داوایشی لێ کردن، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، چونکە وەک ئەو وتی: دەرەوە زۆر مەترسیدارە، بۆمب لە هەموو شوێنێک دەکەوێتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: کاتێک ئامانجەکان بەدی هاتن، بەرپرسیارێتی حکومەتی وڵاتەکەتان بگرنە ئەستۆ، چونکە پێدەچێت ئەمە تاکە چانستان بێت بۆ چەندین نەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، وتیشی: گەلی ئێران، ساڵانێکە داوای یارمەتی لە ئەمریکا دەکەن، بەڵام هەرگیز وەریان نەگرتووە و وتی: "هیچ سەرۆکێک ئەو کارەی نەکردووە کە من ئەمشەو دەیکەم".
ترەمپ، بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی: ئێستا ئەمریکا سەرۆکێکی هەیە کە ئەوەی دەتانەوێت پێتان دەبەخشێت، ئەمریکا بە هێزێکی گەورە و وێرانکەرەوە پشتگیریتان دەکات، بۆیە کاتی ئەوەیە دەست بەسەر چارەنووسی خۆتانەوە بگرن و هەنگاو بنێن، مەهێڵن بخلیسکێن.