ڕاستەوخۆ

بۆ یەکەمجار ڕێگە بە هاوردەکردنی کەرەستەی پۆلیمەری لە ڕێگەی کۆڵبەرانەوە دەدرێت

reset font size increase font size

 

وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران، لە بڕیارێکی بێپێشینە و ناچارییدا بۆ دابینکردنی کەرەستەی خاوی کارخانەکان، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا بە فەرمی ڕێگەی دا بە هاوردەکردنی پێداویستییەکانی کەرتی پترۆکیمیاوی و پۆلیمەری لە ڕێگەی بازرگانیی کۆڵبەری لە سنوورە وشکانییەکان و گواستنەوەی دەریاوانی (مەلەوانی) لە دەروازە ئاوییە بچووکەکاندا.

ئەم هەنگاوە نائاساییەی تاران وەک هەوڵێکی خێرا و ستراتیژی دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە ئابووری و پیشەسازییە قووڵەی کە بەهۆی جەنگەوە بەر ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە کەوتووە.

میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، وەزارەتی پیشەسازی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەککەوتنی یەکجارەکیی کارخانە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردن لە بەردەوامیی پیشەسازیی پترۆکیمیاوی، ناچار بووە ئاسانکاریی لەم جۆرە بکات تاوەکو کەرەستە خاوە بنەڕەتییەکان لە ڕێگەی ڕێڕەوە کۆڵبەرییەکانەوە بگەنە ناوەوەی وڵات.

هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ ئەو گرفت و کورتھێنانە گەورانە دەگەڕێتەوە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی دابینکردنی کەرەستەی خاودا دروست بوون. لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردووی جەنگدا، هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی کۆنکرێتی و پڕووکێنەریان بە کارخانەکانی پۆڵا و ناوەندە گەورە و ستراتیژییەکانی پترۆکیمیاوی و پۆلیمەری لە ناوچەکانی "ماهشەهر" و "عەسەلوییە" گەیاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، هێرشەکان بەتایبەتی کەرتی دابینکردنی ئاو، وێستگەکانی کارەبا و یەکەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینیان لەو ناوەندە پیشەسازییانە پەکخستووە، کە ئەمەش بڕبڕەی پشتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بووە و حکومەتی تارانی ناچار کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، پەنا بۆ دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان و بازرگانیی کۆڵبەری ببات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.