بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆدا نیشان دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەنووچە تیڤی گەیشتوون، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی (مانگی شەش) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەتەواوی کۆتایی هاتووە و ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان گیراونەتەبەر.
چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو، هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ، پارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا کێشەی پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ئەو بڕە پارەیە دیاری نەکراوە کە دەبێت هەولێر ڕادەستی بەغدای بکات.
سەبارەت بەم پرسە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند: "ئەو 120 ملیار دینارەی بەغدا وەک داهاتی ناوخۆ داوای دەکات، بڕیارێکی نایاساییە و لە هەوڵداین بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
" پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردبوو کە لەم قۆناخەدا توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەیان وەک داهاتی ناوخۆ نییە تاوەکو بۆ بەغدای بنێرن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ڕابردووی خۆیدا، پشتیوانیی تەواوی بۆ لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) نیشاندا.
بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات؛ چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە و لێکتێگەیشتنە نوێیە کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچە تا ڕادەیەکی زۆر خاو دەکاتەوە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی گرفتە داراییەکانی نێوان هەردوو لا دەبێت.