له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعەکان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یهكلایكهرهوه ئەنجام دەدات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، تاوه‌كو ئێستا هاوپه‌یمانییه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته ڕێككه‌وتن، له‌سه‌ر كاندیدكردنی كه‌سێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق.
دوێنێ سێشه‌ممه 21ـی نیسانی 2026، ئەمینداری گشتیی هاوپه‌یمانییه‌كه، لایەنە شیعەکانی بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی "یەکلاییکەرەوە" كه بڕیاره ئه‌مڕۆ ئه‌نجام بدرێت و تێیدا پرسی كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كلایی بكرێته‌وه.
ڕۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه فه‌رمی عێراقیش، سێ سیناریۆی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ خستووه‌ته‌ڕوو، یه‌كه‌میان ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش كه زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان په‌سه‌ندی بكه‌ن.
سیناریۆی دووه‌م ئه‌وه‌یه، له ڕێگه‌ی ده‌نگدانی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی چوارچێوه‌كه‌وه كاندیدێك دیاری بكرێت، به تایبه‌ت كاندیدێك بتوانێت له كۆی 12 ده‌نگی ناو هاوپه‌یمانییه‌كه، لانیكه‌م هه‌شت ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، ڕۆژنامه‌ی سه‌باح ده‌ڵێت، ئه‌م پێشنیازه‌یان هێشتا كۆده‌نگیی له‌سه‌ر نییه و هه‌موو لایه‌نه‌كان پێی ڕازی نین.
هه‌رچی سیناریۆی سێیه‌مه، مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یه به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه، واته دابه‌شبوونی لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش به‌بێ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدێكی هاوبه‌ش، له ئه‌گه‌ری ئه‌م سیناریۆیه‌شدا، بنبه‌ستی سیاسی له عێراق درێژتر ده‌كاته‌وه و پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق زیاتر دواده‌خات.
وائیل ڕیکابی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، له نێوان دیاریكردنی كاندیدێك له ڕێگه‌ی ده‌نگدانی زۆرینه یاخود كاندیدی هاوبه‌ش، تائێستا لایه‌نه‌كان یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه.
ناكۆكی لایه‌نه شیعه‌كان و دواكه‌وتنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران له كاتێكدایه، له دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له 11ـی ئه‌م مانگه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی 15 ڕۆژی له‌به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كلایی بكاته‌وه.