سەرەڕایی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دەداتە کەشتییەکان و دەڵێت، بۆ تێپەڕ بوون بە گەرووی هورمزدا پێویستە مۆڵەت لە تاران وەربگرن، جگە لەمە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، چەند سەرچاوەیەکی کەشتیووانی ئاشکرایان کردووە، سوپای پاسداران هەڕەشەی کردووە، هەر کەشتییەک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت هەوڵی تێپەڕ بوون بە گەرووی هورمزدا بدات، دەکرێتە ئامانج و تێکدەشکێندرێت.
ئەم هەڕەشەیە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، کردنەوەی تەواو و دەستبەجێی گەرووی هورمزی وەک یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئاگربەست دیاری کردبوو.
هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، هاتوچۆی کەشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە لەبەرچاوگرتنی سنورە تەکنیکییەکان بەردەوام بێت.
جەختیشیکردووەتەوە، کەشتییەکان تەنیا دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی دەتوانن لە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن.
هاوکات، میدیاکانی ناوخۆی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ڕاگیراوە.