ئۆجالان لە بەشێکی پەیامەکەی ئەمڕۆیدا، 27ی شوباتی 2026 باسی مافی ژنان و چەوساوەکان دەکات و دەڵێ، بەرگریی لە مافی هەبوونی هەموو ئەوانە دەکەین، کە ڕووبەڕووی ستەم و نادادپەروەریی دەبنەوە.
ئۆجالان دەڵێ: "لە سەردەمی ئێستادا، هیچ سیستمێکی هزری ناتوانێت بەبێ پشتبەستن بە دیموکراسی بەردەوام بکات. هەوراز و نشێوەکان، گرژی و قەیرانەکان کاتین. ئەوەی زوو یان درەنگ، بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە دیموکراسییە."
ئاماژەی بەوەش کردووە: "بانگەوازەکەمان تەنها بۆ تورکیا نییە، بەڵکو ئامانجمان دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ پرسی پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە قەیرانی زۆری لێی کەوتووەتەوە."
ئۆجالان کە 27 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی زیندانی کراوە، زۆر بە ڕوونی دەڵێ: "ئێمە بەرگری لە مافی هەبوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ستەملێکراوان دەکەین."
لەبارەی ماف و ئازادییەکانی ژنانیشەوە، گوتوویەتی: "ژنان، هێزی پێشەنگی کۆمەڵگەن و هیچ کۆمەڵگە و دەوڵەتێک ناتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنیان بەردەوام بێت."
ئۆجالان زیاتر لەبارەی ژنانەوە قسەی کردووە و دەڵێ: "لەم سەردەمەدا توندوتیژی خێزانی، کوشتنی ژنان و ستەمی باوکسالاری، هەموو گوزارشت لەو هێرشە مێژووییە دەکەن، کە بە کۆیلەکردنی ژن دەستی پێکردووە. هەر بۆیە ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی وەگەڕخستنی ئەنتەگراسیۆنی (یەکگرتنی) دیموکراتیکن."
ئەم پەیامەی ئەمڕۆی ئۆجالان، زیاتر پێداگرییە لەسەر پرنسیپ و بنەما فەلسەفی و فکرییەکانی، بۆ بەرگریی لە چەوساوەکان و ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد، هەروەها زیاتر ڕووی لە دەوڵەتی تورکیایە و بە ئاشکرا گوتوویەتی، ئەم یەکگرتن و پرۆسەی ئاشتییە پێویستی بە دەرکردنی یاسای ئاشتیانە هەیە.