یانەی ئامەد سپۆر وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوەو کە بە هۆی ئەنجامی دوو یاری کۆتایی بەدەستیهێنابوو و گوتی، بەڵێن دەدەین و بڕوامان بەخۆمانە کە یانەکەمان سەردەکەوێت بۆ قۆناغی سۆپەرلیگ.
نیهاد ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر لە کۆنفڕاسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندبوو کە پاڵەوانێتی ئەم خولەی یارییەکان بەدەستدەهێنین و تا ئێستاش سورین لە سەر بڕیارەکەمان .
ئەرەن ڕوو بە هاندەرانی یانەی ئامەد سپۆر گوتی، داوای لێبوردن لە سەرجەم هاندەرانی یانەکەمان دەکەین کە چاوەڕێی ئەنجامی باشترییان لێدەکردین.
مەسعود بەکاڵ، بەڕێوەبەری تەکنیکی یانەکەش ڕایگەیاند، هێشتا دوو یاری گرنگ لە بەردەم یانەکەدا ماوە و داوای لە هاندەرانی ئامەد سپۆر کرد، لە هەردوو یارییەکەدا پشتگیرییان بکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنین.
یانەی ئامەد سپۆر لە هەردوو یاری کۆتاییدا، سەرەتا بەرانبەر بە "ئومرانییە سپۆر" ئەنجامی 2-2 و هاوبەشی بەدەستهێنا و لە یاری لەگەڵ یانەی "باندرما سپۆر"ـیش لە 19ـی نیساندا، بە ئەنجامی 2-0 دۆڕا و بۆ پلەی سێیەم لە لیگی یەکەمی تۆپی پێی تورکیا دابەزی.