بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، بکوژانی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی باداوەی هەولێر دەستگیرکران، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کوژرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە ڕۆژی 3ـی ئایاری 2026، لە ڕووداوێکی کوشتن ئاگادار کرانەوە هاوڵاتییەک بە ناوی ''مەعروف ڕەحمان حسێن'' کوژراوە لە گەڕەکی باداوەی هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون، توانرا چوار تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر بکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتباری سەرەکی تاوانی کوشتنەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو، بەڵام ئەمڕۆ توانرا تۆمەتباری سەرەکی لە دەرەوەی هەولێر لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر بکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگە کراوە.