تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، ڕوونکردنەوەی لەسەر لێدوانەکانی پێشوویدا، کە تێیدا بەرزاییەکانی جۆلانی وەک خاکی داگیرکراو ناوبردبوو.
تۆم باراک جەختی کردەوە، قسەکانی تەنها ئاماژەدان بووە بە ڕووداوە مێژووییەکان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی خاکی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا ڕوونی کردەوە، ئاماژەدانەکەی بە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە بووە، کە دەستبەسەرداگرتنی هەر خاکێک بە هێز، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی بەردەوام بۆ چەندین نەوە.
هەروەها جەختی کردەوە، سیاسەتی فەرمیی ئەمریکا لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان لە ساڵی 2019دا لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە دیاری کراوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی تۆم باراک دوای ئەوە هات، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لێدوانەکانی پێشووی بێژەرەکەی ئەمریکای بە پڕ لە چەواشەکاری و دژ بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ وەسف کردبوو.