هاوشانی هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ناوچە و دامەزراوە مەدەنییەکان، حوسییەکان هێرشەکانیان لە چەندین بەرەی سەربازیی یەمەن توندتر کردووەتەوە. لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئاشکرایان کرد کە توانیویانە بەرپەرچی تەواوی هێرش و هەوڵەکانی دزەکردنی حوسییەکانیان لە پارێزگاکانی تعز، شبوە، الضالع و مارب داوەتەوە و زیانی گیانی زۆر و لۆجیستی پێبگەینن.
وەک رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە لە پارێزگای تعز، چەکدارانی حوسی بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر مزگەوتێک و قوتابخانەیەک لە گوندی "مقصب" لە ناوچەی عتقەی سەر بە شارۆچکەی موزع، کە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانکردنی قوتابخانەی "جيل جديد" هات لە هەمان ناوچە. ئەم هێرشانە بوونە هۆی زیانی مادیی بەرچاو بە بێ زیانی گیانی.
لە بەرەی باکووری ڕۆژهەڵاتی تعز، حوسییەکان گردەکانی "وكيل" و "موشكي"یان بۆردومان کرد، بەڵام سوپای یەمەن بە خێرایی وەڵامی دایەوە
لە بەرەی "حيفان" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تعز، ڕووبەڕووبوونەوەی قورس بە چەکی جۆراوجۆر ڕوویدا و سوپای یەمەن چەکدارانی حوسی ناچار بە پاشەکشە کرد. لە شبوەش، یەکەکانی سوپا هەوڵی دزەکردنی حوسییەکانیان لە شارۆچکەکانی حريب، عين، بيحان و مرخە عليا پووچەڵ کردەوە. ڕاستەوخۆ دوای ئەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای یەمەن مۆڵگە و بنکە سەربازییەکانی حوسییەکانی کردە ئامانج.
لە پارێزگای ضالع، بۆردومانی تۆپخانە و درۆنەکانی سوپا کۆبوونەوەیەکی حوسییەکانی لە دەوروبەری بازاڕی "فاخر" کردە ئامانج کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئەوان ئامادە دەکرد، بەوهۆیەشەوە دەیان چەکداریان کوژران و بریندار بوون.
میدیاکانی سەر بە حوسییەکان دانیا بە کوژرانی 84 چەکداری خۆیاندا ناوە لە ماوەی هەفتەیەکدا، کە 28یان فەرماندەی مەیدانی و 14یان ئەفسەر بوون. تەنیا لە دوو ڕۆژدا تەرمی 47 کوژراو بە خاک سپێردراون، کە بەشێکی زۆریان خەڵکی صەنعا و پارێزگاکانی زمار، عمران، حجە، صعدە، محويت و ئاب بوون، کە ئەمەش قەبارەی زیانە گەورەکانیان دەردەخات.
ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن جەختی کردەوە کە هەڵوێستی دەوڵەت بەرامبەر حوسییەکان بە تەواوی گۆڕاوە و هەر هێرشێک بە وەڵامدانەوەیەکی گشتگیر بەرپەرچ دەدرێتەوە. عەلیمی ئاشکرای کرد هەموو هێزە چەکدارەکان لە ناو یەک ژووری ئۆپۆراسیۆنی هاوبەشدا کار دەکەن.
عەلیمی گوتیشی: " ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندی کە ئاگرپڕبڕینەکان لەلایەن حوسییەکانەوە تەنیا بۆ خۆپڕچەککردنەوە بەکار دەهێنران، بۆیە ئێمە ئاشتییەکی بەردەواممان دەوێت کە سەرچاوەکەی دەوڵەت بێت." ڕاشیگەیاند کە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی تێڕوانینی جیهانی گۆڕیوە بۆ لای پاراستنی سەروەریی دەوڵەتی یەمەن.
لە کۆتاییدا عەلیمی جەختی کردەوە کە دەرگا هێشتا کراوەیە بۆ حوسییەکان تا چەک دابنێن و لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بکەن.