نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی توندی لە دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "ئەردۆغان دیکتاتۆرێکی دژەسامییە، کە دەستی لە کۆمەڵکوژکردنی کورددا هەبووە، داڵدەی تیرۆریستانی حەماس دەدات، نیوەی قوبرسی داگیر کردووە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە ڕۆژنامەنووسان و سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی زیندانی کردووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، ئەردۆغان ئێستا هەوڵ دەدات دەستدرێژییەکانی خۆی لە دژی ئیسرائیل بۆ ناو سوریا بگوازێتەوە، بەڵام ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ئارام ناگرێت و ڕێگە بە هەنگاوی لەو شێوەیە نادات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، هەوڵە بێسوودەکانی ئەردۆغان بۆ ترساندنی سەرکردە و سەربازانی ئیسرائیل، کە بە تاقانە دەوڵەتی دیموکراتیی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، بە هیچ ئەنجامێک ناگات.