ڕاستەوخۆ

ترامپ: موجتەبا خامنەیی بە ڕێژەی 90٪ لەناوچووە

reset font size increase font size

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێی تونددا ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێژەی 90٪ لەناوچووە و کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە سەربازییەکانی واشنتن بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ڕایگەیاند: "ئێران لە ئێستادا نە هێزی دەریایی هەیە و نە هێزی ئاسمانی. تەواوی فەرماندە و سەرکردەکانیان کوژراون، تەنانەت باشترینی فەرماندەکانیان لەناوچوون".

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕێبەرانی ئێران کرد و گوتی: "عەلی خامنەیی کۆتایی پێهات، کوڕەکەشی لە ئێستادا بە ڕێژەی 90٪ لەناوچووە". تیشکیشی خستە سەر ڕێککەوتنەکانی پێشوو و گوتی: "لەنێوانماندا یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن هەبوو، بەڵام ئەوان نەیانپاراست و بەرەو ئاڕاستەیەکی تریان برد".

ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا دێن، غیاب و بەدەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران لە گۆڕەپانی سیاسی و میدیاییدا بەردەوامە، دوای ئەوەی وەک جێگرەوەی باوکی دەستنیشانکرا، کە ئەویش لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ڕابردوودا کوژرا.

موجتەبا خامنەیی لە دوای ئەو هێرشەی باوکی تێدا کوژرا و خۆیشی تێیدا بریندار بوو، بە تەواوی لەبەرچاو ون بووە. ڕاپۆرتە هەواڵییەکان دەڵێن ناوبراو بەهۆی سەختیی برینەکەی و دروستبوونی شێواوی لە جەستەیدا ناتوانێت لەبەردەم ڕای گشتیدا دەربکەوێت و تەنیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی نووسراو لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە دەخوێندرێنەوە، ئامادەیی خۆی نیشان دەدات.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا جەختی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمز دەکات و دەبێت قەرەبووی ئەمریکا بکرێتەوە لەبەرامبەر بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە.

دواتر ترەمپ لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"ـەوە بڕیارێکی تری ڕاگەیاند و نووسیویەتی، وڵاتەکەی گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووەتەوە و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کتوپڕی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز دەستپێکردووە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان