ڕاستەوخۆ

وەزیری دەرەوەی سوریا لە بەیروت: ئامادەین لەگەڵ حیزبوڵڵا کۆببینەوە ئەگەر بەرژەوەندییەکان بیخوازن

reset font size increase font size

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە سەردانەکەیدا بۆ بەیروت ڕایگەیاند، دیمەشق ئامادەیە لەگەڵ بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی کۆببێتەوە "ئەگەر بەرژەوەندییەکان وا بخوازن"؛

ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمیی ناوبراوە بۆ لوبنان دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی سوریا دژی حیزبوڵڵا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان (NNA)، وەزیری دەرەوەی نوێی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان، لەوانەش جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، نەبیھـ بەری، سەرۆکی پەرلەمان (کە هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە) و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کۆبووەوە.

لەم سەردانەدا لوبنان و سووریا ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوکاریی هاوبەش بە مەبەستی بەهێزکردنی پێوەندییە دووقۆڵییەکان واژۆ کرد.

سەردانەکەی شەیبانی دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، پێشنیازی بۆ ئیسرائیل کردووە ڕێگە بدات سوپای سوریا ڕووبەڕووی حیزبوڵڵا ببێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەو "سوویا دەتوانێت کارێکی باشتر لەو بارەیەوە بکات."

 بەڵام ئەحمەد شەڕاع، سەرۆککۆماری کاتی سوریا تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان ناچنە ناو خاکی لوبنانەوە.

وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان، پرسی "دۆسیەی حیزبوڵڵا" نەهێنراوەتە بەرباس، بەڵام گوتی سوریا کراوەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو گروپە ئەگەر پێویست بێت.

شەیبانی گوتیشی: "ئەوەی ئێمە بۆ لوبنانی دەهێنین تەنیا خۆشەویستی و پابەندبوونە بە تێپەڕاندنی میراتی بەئازاری پێوەندییەکانی ڕابردووی نێوان هەردوو وڵات."

حکوومەتی نوێی سوریا لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024ـەوە، پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باش کردووە و تاوەکو ئێستا خۆی لە ململانێ و شەڕی هەرێمیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران بەدوور گرتووە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.