بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاش واژۆکردنی ڕێککەوتنی "هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بوژاندنەوە" لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ستراتیژی نوێی حیزبەکەی بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانی ڕاگەیاند و ڕەخنەی تووندیشی لە شێوازی ئێستای بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان گرت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە گوتارێکدا ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێی وەک "ڕۆژێکی نوێ" لە مێژووی سیاسیی کوردستان ناوزەد کرد و ڕایگەیاند، ئەوان پابەندی جێبەجێکردنی تەواوی ئەو بەڵێنانە دەبن کە بە خەڵکیان داوە. سەرۆکی یەکێتی گوتی: "بەهەشتێکمان هەیە و نەمانزانیوە چۆن خزمەتی بکەین؛ بەرپرسیارێتیش تەنیا بە واتای خزمەتکردنی خەڵک دێت."
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕەخنەی توندی لە گەندەڵی و شێوازی حوکمڕانی گرت و گوتی: "حکومەتێک و شێوازێکی حوکمڕانیمان دەوێت کە جیاواز بێت لەوەی پێشتر هەبووە.
بە ترس، تۆقاندن، گەندەڵی و ڕێزنەگرتن لە میللەت حکومەت ناڕوات بەڕێوە و ئەو کارانە دەبنە هۆی ڕووخانی حکومەت." ڕایگەیاند کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ زۆر دواکەوتووە و ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆمەوە دەیان بڕیار لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا دراون کە هەموویان "هەڵە" بوون.
سەبارەت بە پێگەی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە حیزبەکەی هەموو هێز و پێوەندییەکانی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە و لە پێناو خەڵکدا قوربانیی گەورەی داوە، گوتیشی: "ئەمڕۆ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، ئێمە هێزی یەکەمینین."
لەکۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، دەرگای "هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بوژاندنەوە" بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان واڵایە و پێشوازی لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، لایەنە ئیسلامییەکان و تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەم پڕۆسە نوێیە