سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو و بە نهێنی گەیشتووەتە شاری بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت دەربارەی سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی، تایبەت بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند: "قائانی لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە لە بەغدایە و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کۆبووەتەوە". گوتیشی: "ئەم سەردانە لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار".
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دۆسیەی بەشداری گرووپە چەکدارەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و چۆنیەتی داڕشتنەوەی کابینەی داهاتوو کراوە و پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە هەندێک لە هەڵوێستی لایەنەکان بێتە ئاراوە".
سەرچاوەکە بە نوچەی ڕاگەیاندووە، ئەمە یەکەمین سەردانی قائانی نییە لەم ماوەیەدا و گوتیشی: "پێش ئەوەی عەلی زەیدی بە فەرمی ببێتە کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قائانی سەردانی بەغدای کردبوو".
سەردانە بەردەوامەکانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بۆ عێراق، ئاماژەیە بۆ هەوڵە چڕەکانی ئێران بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز و نزیککردنەوەی دیدگای لایەنە شیعەکان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.
ئیسماعیل قائانی بە نهێنی گەیشتە بەغدا؛ سەرچاوەیەک زانیاری گرنگی بۆ نوچە ئاشکرا کرد
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێکرد.