جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی فشار لەسەر ئێران و ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان بەدەست دۆخەکەوە دەناڵێنن و دەیانەوێت کۆتایی پێ بهێنن.
جەی دی ڤانس ڕوونی کردەوە، ئەمریکا کار لەسەر دارشتنی ڕێڕەوێک دەکات، کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بدات، و گوتی: "ئێران پێی ڕاگەیاندووین، کە بە زوورترین کات ڕێگە بە ڕۆشتنی نەوت دەدات لە ڕێگەی هورمزەوە، بەڵام ئێمە متمانەیان پێ ناکەین. پلانەکەی ئێمە پابەندبوونی ئێران لەخۆ دەگرێت بەوەی هێرش نەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕەتی کردەوە، ئێران باجی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت و جەختی کردەوە، کە واشنتن چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری دەکات.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و عومان زۆر نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمزدا. ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵێک مەرجیان هەیە، لەوانە قەرەبووکردنەوەی ئەو پێشێکارییانەی واشنتن بەرامبەر بەڤیاداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد ئەنجامی داون.
سەرچاوەیەکی ئەمریکیش ئاشکرای کردووە، لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە بۆ دەستپێکردنەوەی ئازادیی کەشتیوانی، ئەمریکا گەمارۆ لەسەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوە نەچووە.