ڕاستەوخۆ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیی دابینکردنی چەک بۆ پاسداران سەپاند

reset font size increase font size

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر حەوت کەس و کۆمپانیادا سەپاند، کە ئەندامن لە تۆڕێکی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی چەک بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، هاوکات وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، کە پێویستە ئێران لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت.

ئەم بڕیارەی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕۆژی چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 دەرچوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا کە بەهۆیەوە ماوەی پێنج ڕۆژە لەسەر یەک ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی ئێران.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە سەرۆک ترەمپ زۆر ڕوون بووە لەوەی کە دەبێت ئێران لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت. وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتن و تێکدانی ئەو تۆڕە نایاساییانەی بودجە بۆ بەرنامە چەکدارییەکانی ئێران دابین دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، ئێران سوودی لە کۆمپانیا بیانییەکانی فڕۆکەوانی، گواستنەوە و نێوەندگیرە داراییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی سوپای پاسداران لە کڕینی چەکدا بشارێتەوە، کە ئەندامانی ئەم تۆڕە لە ئێران، ڕووسیا، ئیتاڵیا و نێجیریا بڵاوبوونەتەوە.

لە ناو کەسایەتییە سزادراوەکاندا، بەهرۆز نەمازی هەیە، کە هاووڵاتییەکی ئێرانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیکا جێتە لە تاران و کار لەسەر بەرهەمهێنان و چاککردنەوەی پارچەی فڕۆکە و درۆن دەکات بۆ سوپای پاسداران. هەروەها ماریا ڤلادیمیرۆڤنا سێلینا، کە هاووڵاتییەکی ڕووسی و بریکارێکی دێرینی دابینکردنی چەکە بۆ ئێران و وەک بەرپرسی دارایی کۆمپانیای ئاڤراتێک لە مۆسکۆ کار دەکات، خراوەتە لیستی سزاکانەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی ئەم بڕیارەوە سەرجەم سەروەت و سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەس و لایەنە سزادراوانە لە ناو خاکی ئەمریکا یان لە ژێر دەستی هاووڵاتیانی ئەمریکیدا بێت، بە تەواوی بلۆک دەکرێن. هەروەها هەر دامەزراوەیەک 50% یان زیاتری پشکەکانی هی ئەم کەسانە بێت، دەکەوێتە ژێر هەمان سزا.

وەزارەتی گەنجینە هۆشداریشی داوە، کە هەر دامەزراوەیەکی دارایی یان کەسێک مامەڵە لەگەڵ ئەم سزادراوانەدا بکات، خۆی ڕووبەڕووی سزای توند و پێبژاردنی دارایی گەورە دەکاتەوە، کە ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.