بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 22ی ئابی 2026 بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند، بەهێزیی با مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئاگر زیاتر دەکات، بەم هۆیەشەوە چەند ڕێنمایییەکی نوێی بۆ خاوەن پرۆژە و کارگەکان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، پێویستە خاوەن پرۆژەکان، بەنزینخانەکان، کۆگا، کارگەکان و کێڵگەکانی پەلەوەر، هەروەها هەموو ئەو شوێنانەی، کە نزیکن لە ڕووبەری پووش و پاوان، ڕێکاری توند بۆ پاراستنی گیان و سامانیان بگرنە بەر.
بەرگریی شارستانی داوا دەکات هەموو پووش و پەڵاش و گیا وشکەکان لە دەوروبەری کۆگا و کێڵگەکان پاکبکرێنەوە، هەروەها دروستکردنی هێڵی بەربەست بە پانی 10 تا 15 مەتر لە دەوروبەری پرۆژەکان، دوورخستنەوەی کەرەستە سووتێنەرەکان و قەدەغەکردنی سووتاندنی پووش و پەڵاش بە پێویست دەزانێت، چونکە بە هۆی باوەوە ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
سەبارەت بە ئامێرەکانی ئاگرکوژاندنەوە و پشکنینی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا دەکات لە شوێنە هەستیارەکاندا تانکەری ئاو و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بەردەست بن، پشکنین بۆ قەوانە دەستییەکان بکەن و سیستەمی ئاگادارکردنەوە جێگیر بکەن.
هاوکات هۆشداری دەدات لە وایەری ڕووت و داوا دەکات ژێر تاوەرەکانی کارەبا پاکبکرێنەوە و موەلیدە و تانکیی سووتەمەنی لە شوێنی دوور لە پووش و پاوان دابنرێن.
بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاوڵاتییان و خاوەنکارەکان دەکات، لە کاتی بینینی هەر دووکەڵ یان ئاگرێکدا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115 بکەن پێش ئەوەی ئاگرەکە بڵاوببێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت.