ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هۆتێل شێراتۆنی شاری دیمەشق لەگەڵ نوێنەرانی 18 ڕێکخراو و دامەزراوەی ژنانی سوریا کۆبووەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا، ڕووکن ئەحمەد ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆنگرەی ستار بەشدار بوو. ڕێکخراوەکان سێ نامەی جیاوازیان ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی کرد، کە تێیاندا تیشکیان خستبووە سەر بارودۆخی گشتیی ژنان، ئابووری، دادپەروەری و ڕەوشی کۆمەڵایەتی لە سوریا، هاوکات ئاماژەیان بە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب، ناوچەی عەلەوییەکان و پارێزگای سوەیدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی سیاسەتی نەتەوەپەرستانەی پشتێنەی عەرەبی کرایەوە. لە بەرامبەردا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس بەڵێنی دا کە بە جدی لەسەر داواکارییەکان بوەستن و ئاماژەی بەوە کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری کەمیی بەشداریی ژنانە لە حکومەتی کاتیی سوریادا و لەم باریەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت لە گفتوگۆدا دەبن.
ڕووکن ئەحمەد ئاشکرای کرد، کۆنگرەی ستار بە جیا نامەیەکی تایبەتی ڕادەستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.