سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند کە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، پابەندە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆکەوە هەبێت، و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێکاری یاسایی لە دژی یەکێک لە مامۆستاکانی گرتووەتەبەر.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و سەرکردەی دیاری ڕەوتی سەلەفی لە کوردستان) بڵاوبوونەتەوە، زانکۆی سلێمانی ئاشکرای کرد کە بەپێی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، ڕۆژی پێنجشەممە (18ی حوزەیرانی 2026) لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.
زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم لیژنە باڵایە بە چاودێریی ڕاستەوخۆی دەزگای داواکاری گشتی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.
زانکۆکە جەختی کردووەتەوە کە بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هۆشداریشی داوە کە "هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی توندی بەرامبەر دەکرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دڵنیایی داوەتە ڕای گشتی و ڕایگەیاندووە کە دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنەیە هەرچییەک بێت، بە شێوازێکی تەواو شەفاف بۆ میدیاکان و هاووڵاتییان بڵاودەکرێتەوە.