گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ڕۆژی هەینی لە سویسرا لە نێوان شاندی وڵاتەکەی و ئەمریکا بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، بەڵام پرۆسەی دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوام دەبێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونکردنەوەی لەسەر هۆکاری دواخرانی کۆبوونەوەکە دا و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی دانیشتنەکەی ڕۆژی هەینی واژۆکردنی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووی یاداشتی لێکتێگەیشتن بوو لە نێوان هەردوولادا، بەڵام بەو پێیەی پێشتر ئەو واژۆیە بە شێوازی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی ئەنجامدراوە، چیتر کۆبوونەوەکە وەک کارێکی بەپەلە و بەگوڕ سەیر نەکراوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە داهاتووی گفتوگۆکان کرد و گوتی: "گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوام دەبن، و لە ئێستاشدا پلان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی نوێ لە ڕۆژانی داهاتوودا دادەنرێت."
ئەم ڕوونکردنەوە فەرمییەی تاران لە کاتێکدایە کە سەرچاوە میدیاییەکان پێشتر بڵاویانکردبووەوە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی ئێرانی دواخستووە.