پاش دەستپێکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕێنمایی نوێی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، میدیاکاران و بەکاربەرانی سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و جەخت لە پابەندبوون بە بنەما ئەمنییەکان دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی 17ـی تەمووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا دەکات:
پشتبەستن بە سەرچاوەی فەرمی: تەنیا پشت بە زانیاریی لایەنە ڕەسمییەکان و وتەبێژی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت.
خۆپارێزی لە هەواڵی چەواشە: خۆبەدوورگرتن لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی بێبنەما کە دەبێتە هۆی شڵەژانی ڕای گشتی.
پاراستنی ئاسایشی شوێنەکان: ڕێگری لە هەر جۆرە ڕوماڵێکی ڕاستەوخۆ یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی شوێنی بۆردومان و تەقینەوەکان بکرێت، تاوەکو لایەنی بەرپرس پشکنینی بۆ دەکات.
دوورکەوتنەوە لە چاوساغی: بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەربازی و ئەمنی یان دیاریکردنی جوگرافیای ڕووداوەکان بە “خەتی سوور” دادەنرێت، چونکە دەبێتە چاوساغی بۆ لایەنی شەڕکەر.
ڕێگریکردن لە قەرەباڵغی: میدیاکاران نابێت لە شوێنی ڕووداوەکان قەرەباڵغی دروست بکەن یان ژیانی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.
لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هۆشداری دەدات کە “بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی سەربازی و ئەمنی، سەقامگیری کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە” و داوا لە هەمووان دەکات بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی مامەڵە بکەن.