ڕاستەوخۆ

دەم پارتی پرۆژە یاسایەکی لەبارەی زمانی کوردی پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرد

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە، بۆ لابردنی قەدەغە و ڕێگرییەکانی بەردەم زمانی کوردی و دابینکردنی مافی پەروەردە بە زمانی دایک، پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرد.

reset font size increase font size

بێریتان گونەیش، پەرلەمانتاری مێردینی دەم پارتی، لە یادی 15ی ئایار ڕۆژی زمانی کوردی، داوای کرد پەرلەمان لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و یاسایی لەسەر ئەو ڕێگرییانە دەست پێ بکات، کە لە بەردەم زمانی کوردی و زاراوەکانیدا هەن، تاوەکو مافی پەروەردەی فەرمی بۆ کوردان دەستەبەر بکرێت.

بێریتان گونەیش ڕایگەیاند: "هەر هەنگاوێک بۆ زمانی کوردی بنرێت، دەبێتە هاوکارێکی سەرەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و پێویستە ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەتەکانی ڕابردووەوە بەر زمانەکە کەوتوون، لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت".

پەرلەمانتاری مێردینی دەم پارتی ڕاشیگەیاند: "پاراستنی فرەچەشنیی کلتوور و زمان، یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، بۆیە پێویستە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگە مێژوویی و سیاسییانەی لە دامەزراوە گشتییەکاندا لە دژی زمانی کوردی پەیڕەو دەکرێن".

بێریتان گونەیش جەختی لەوە کردەوە، دانپێدانان بە زمانی کوردی دەبێت لە دەستووردا جێگیر بکرێت و تەنیا وەک دروشم نەمێنێتەوە، گوتیشی: "داوا دەکەین ڕێسای یاسایی نوێ دابڕێژرێت بۆ ئەوەی زمانەکە لە هەموو کایەکانی ژیانی گشتی و میدیا و دادگاکاندا بە ئازادی بەکار بهێنرێت".

ڕۆژی 15ی ئایاری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی زمانی کوردی دەستنیشان کراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاوار لە لایەن (جەلادەت عالی بەدرخان)، لە ساڵی 1932.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.