ڕاستەوخۆ

ڕێبوار تەها وەک باشترین پارێزگاری عێراق بۆ ساڵی 2025 هەڵبژێردرا

reset font size increase font size

ئەمیندارێتی گشتیی لووتکەی قاهیرە بۆ داهێنان و کاریگەری، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوکی وەک باشترین پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق بۆ ساڵی 2025 دەستنیشان کرد. دابەشکردنی ئەم نازناوە نێودەوڵەتییە بەپێی پێنج پێوەری سەرەکیی ئیداری بووە و بڕیاریشە مانگی تەممووزی داهاتوو لە مەراسیمێکدا لە قاهیرە خەڵاتەکەی پێشکەش بکرێت.

پاش ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە، پارێزگاری کەرکووک تایبەت لە لێدوانێکدا بۆ نووچە تیڤی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: "شانازی دەکەم پارێزگارێکی کوردی کەرکووک خەڵاتی باشترین دەباتەوە."

کەرکووک؛ لە دروشمەوە بۆ واقیعی پێکەوەژیان

ڕێبوار تەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان توانیویانە بە ئەمانەتەوە خزمەتی سەرجەم نەتەوە و ئایینەکانی شارەکە بکەن و گوتی: "ئێمە توانیومانە وێنەیەکی ناشیرین بگۆڕین بۆ وێنەیەکی جوان کە سەرجەم پێکهاتەکان شانازی پێوە بکەن. دروشمی پێکەوەژیانمان لە کەرکوک کردووە بە واقیع و فەرق و جیاوازیمان لە نێوان هیچ پێکهاتەیەکدا نەکردووە."

لووتکەی قاهیرە ڕایگەیاندووە، ئەم هەڵبژاردنە دوای هەڵسەنگاندنێکی پیشەیی ورد هاتووە، کە تێیدا پارێزگاری کەرکووک مۆدێلێکی ئیداریی بێوێنەی لەسەر بنەمای میانڕەوی پێشکەش کردووە.

ناوبراو لەم بارەیەوە دەڵێت؛ "ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر بە ئیش و کارەکانمان دەزانن، لە ئایندەشدا زیاتر کار دەکەین بۆ خزمەتکردنی کەرکووکییەکان."

ئەو ٥ پێوەرەی ڕێبوار تەهای گەیاندە خەڵاتەکە:

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی لووتکەی قاهیرە، پێشکەشکردنی ئەم نازناوە نێودەوڵەتییە بەندبووە بەم پێوەرە بنەڕەتییانەوە:

١. پاراستنی هاوسەنگی: ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە (کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحی).

 ٢. خزمەتگوزاری بێ جیاوازی: چەسپاندنی بنەمای "ئیدارە بۆ خزمەتی هەمووان" بەبێ ڕەچاوکردنی ململانێی سیاسی.

 ٣. هێورکردنەوەی دۆخەکە: ڕۆڵی کارامە لە هێورکردنەوەی دۆخی گشتی و ئەمنیی کەرکووک.

 ٤. ئاستی خزمەتگوزارییەکان: بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان لە شارەکەدا.

 ٥. برەودان بە ئاشتی: ناساندنی کەرکووک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک هێمایەک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان.

بڕیارە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا، بە بەشداریی چەندین وڵاتی عەرەبی و لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسڕ، خەڵاتەکە بە فەرمی ڕادەستی ڕێبوار تەها بکرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.