موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، خەباتی چەکداریی 41 ساڵە پرسی کوردی گەیاندە ئامانجی خۆی و ئیتر کاتی ئەم ڕێبازە کۆتایی پێهاتووە، بۆیە بۆ چەکدانانی تەواوەتی دەبێت پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجالان دیاری بکرێت.
قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری (ئەمارگی)، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی جیهان و پرۆسەی چارەسەری کرد و ململانێکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی بە "جەنگی جیهانیی سێیەم" ناو برد و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لەم شەڕەدا کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە، کانزا دەگمەنەکان و ڕێڕەوە بازرگانییەکانە.
فەرماندەکەی هەپەگە ئاماژەی بەوە دا، تێکۆشانی چەکداریی 41 ساڵە کێشەی کوردی خستە ناو ڕووبەری گفتوگۆوە و گەیشتە ئامانجی خۆی، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چارەسەر لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیدا بگەڕدرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ نیشاندانی ویست و ئیرادەی چەکدانان، هەنگاوی ڕەمزیی وەک سووتاندنی چەک ئەنجام دراون و هێزەکانیان لە ناوخۆی تورکیا و ناوچەکانی وەکو مەتینا بە تەواوی کشاندووەتەوە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا، قەرەیلان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی یاسای چوارچێوەی پەرلەمان بە "هەنگاوی یەکەم" دەبینن، بەڵام هێشتا ئەم هەنگاوانە بە کەم دەزانن و ڕەخنە لەوە دەگرن کە دەوڵەت هێشتا بە زیهنییەتی "ئاسایش و تیرۆر" مامەڵە دەکات.
قەرەیلان مەرجی بۆ چەکدانانی تەواوەتی دانا و جەختی کردەوە کە دەبێت پێگەی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجالان بناسرێت و مەرجەکانی ئازادیی جەستەیی دابین بکرێن، تاوەکو بتوانێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ سیاسەتمەداران، میدیا و ڕای گشتیدا پەیوەندی و دیدار ئەنجام بدات.