پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەی نیشتمانی و ستراتیژیی دووسایدی نێوان هەولێر و کۆیە بە ستانداردێکی بەرز بەردەوامە و بە تەواوبوونی، ماوەی گەیشتن لەنێوان هەردوو شارەکە لە یەک کاتژمێرەوە بۆ تەنیا 25 خولەک کورت دەبێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی نێوان هەولێر و کۆیە بە ستانداردێکی بەرز و نێودەوڵەتی بەردەوامە و ئێستا کار لەسەر درێژایی 32 کیلۆمەتری رێگاکە دەکرێت و چینی دووەمی قیر بە درێژایی 12 کیلۆمەتر ڕاخراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، پانیی رێگاکە 32 مەترە و هەر سایدێک لە سێ لاینی هاتووچۆ پێکدێت، کە پانیی هەر لاینێک 3.75 مەترە، هاوکات لاینێکی فریاگوزاریش (شۆڵدەر) لەخۆدەگرێت. پڕۆژەکە چەندین ژێرپرد و بەرزەپرد لەخۆدەگرێت، لەوانە پردێکی گەورە بە درێژیی 250 مەتر و لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکانیشدا، لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا بارستەی کۆنکرێتی، پەرژینی پاراستن و سیستمی پێشکەتووی ئاودێری و ئاوەڕۆ دادەنرێن.
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەستی پێ کرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی ڕاگیران، تاوەکو لە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024دا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی قۆناخی نوێی پڕۆژەکەی داناوەتەوە.