لە چوارچێوەی جموجۆڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لە نەخشەی نوێی سوریادا، گەشتی شاندی باڵای ڕۆژاڤای کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەوروپا کۆتاییهات.
شاندەکەیڕۆژاڤای کوردستان لەم گەشتە فەرمییەدا سەردانی وڵاتانی ئیتالیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومی و پەرلەمانیی ئەو وڵاتانەدا کۆبوونەوە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن هەسەدە یان وڵاتانی ئەوروپاوە سەبارەت بە ناوەڕۆکی وردی دیدارەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پرسی تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکان لە سوریا و گرەنتیی مافەکانی کوردی ڕۆژاڤا لە دەستووری داهاتوودا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.
سەردانە دیپلۆماسییەکانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ پایتەختە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپا، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی توندی ئۆپۆزسیۆنی سوریای لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "سووریا ئەلئان"، بەرپرسانی حکوومەتی کاتیی سوریا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەم پێشوازییە دیپلۆماسییانە دەربڕیوە.
بەرپرسانی حکومەتی کاتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەزڵوم عەبدی "پشتێنەیەکی فەرمی و یاسایی" لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی سوریادا نییە و نابێت وڵاتانی ئەوروپی بە شێوازێکی فەرمی و هاوشێوەی نوێنەرانی دەوڵەت پێشوازیی لێبکەن.
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە لە ناوخۆی سووریادا پرۆسەی گفتوگۆکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی گواستنەوە بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ململانێدا تێپەڕ دەبێت.