مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، بە مەرسومێکی فەرمی ڕۆژی 28ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاری کرد، کە ئەمەش دەبێتە یەکەمین پرۆسەی دەنگدان لە دوای دوو دەیە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی فەلەستین لەژێر گوشارێکی توندی نێودەوڵەتیدایە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی پێکهاتەیی و خۆئامادەکردن بۆ گرتنەئەستۆی ڕۆڵی بەڕێوەبردن لە قۆناغی دوای جەنگی غەززە.
مەرسومە سەرۆکایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پرۆسەی دەنگدانەکە لە وێست بانک، قودسی ڕۆژهەڵات و کەرتی غەززە بەڕێوەبچێت. چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوە مانۆڕێکی دیپلۆماسییە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، چونکە واشنتن و هاوپەیمانەکانی هەر جۆرە ڕۆڵێکی داهاتووی دەسەڵاتی فەلەستینیان لە غەززە بەستووەتەوە بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دامەزراوەکانیدا کە ساڵانێکە بەدەست گەندەڵی و کەمبوونەوەی شەرعییەتەوە دەناڵێنن.
مەحموود عەباسی تەمەن 90 ساڵ، کە لە ساڵی 2005ەوە و دوای کۆچی دوایی یاسر عەرەفات دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، لە ساڵی 2021یشدا بڕیاری هەڵبژاردنی دا، بەڵام کاتێک هەستی کرد مانەوەی خۆی لە دەسەڵات دەکەوێتە مەترسییەوە، پرۆسەکەی هەڵوەشاندەوە. تێبینی دەکرێت کە مەرسومە نوێیەکە هیچ ئاماژەیەکی بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەکردووە.
جگە لەوەش، بەپێی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کە مانگی ڕابردوو دەرکرا، ڕێگری لە بەشداریی بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی کراوە، چونکە یاساکە مەرجی داناوە کە دەبێت بەشداربووان دان بە چوارچێوەی سیاسیی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (PLO) و ڕێککەوتنی ساڵی 1993ی ناسینی ئیسرائیلدا بنێن مەرجێک کە لەلایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە بە توندی ڕەت دەکرێتەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە کەناری ڕۆژاوا بەدەست توندوتیژیی کۆچبەرە جولەکەکان و پێکدادانەکانەوە دەناڵێنێت، و کەرتی غەززەش بەهۆی جەنگەوە بە تەواوی وێران بووە. ئەگەرچی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پلانێکی فریاگوزاری بۆ دەنگدان لە غەززە داناوە، بەڵام مەترسیی ڕاستەوخۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی بەربژێرەکان یان ڕێگریکردن لە گەیشتنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن بە قودس و غەززە هێشتا بەربەستێکی گەورەیە. دواین هەڵبژاردنی فەلەستین لە ساڵی 2006بەڕێوەچوو کە تێیدا حەماس دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا و ئەوەش بووە هۆی شەڕی ناوخۆیی و دابەشبوونی فەلەستین لە ساڵی2007دا.