بە گوێرەی بەڵێنی بەرپرسانی باڵای عێراق، چارەنووسی مووچەکانی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلا کراوەتەوە و بەغدا بەڵێن دەدات ئەمساڵ تەواوی 12 مووچەکە بە بێ کێشە بنێرێت.
دوای بەدواداچوونێکی تایبەت بۆ پرسی مووچەکانی ئەمساڵ، دەرکەوتووە کە دۆخەکە جێگیرە و لە سەرەتای ساڵەوە مووچەی هاووڵاتییانی کوردستان و عێراق پێکەوە دابەش کراوە. هەرچەندە بەغدا تاوەکو مووچەی ناوچەکانی خۆی تەواو نەکات بڕە پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەکە باشترە و دابەشکردنی مووچە لە هەردوو لا نزیکەی هاوکاتە و ئەمساڵ هیچ مووچەیەک نافەوتێت.
جێگیربوونی پرسی مووچە وایکردووە، ترسی نەناردنی مووچە لەلای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕەوێتەوە، بەتایبەت کە لە ساڵی 2025ـدا دوو مووچەی مانگەکانی 11 و 12 و لە ساڵی 2024ـیشدا مووچەیەک و نیو نەدرابوون.