ڕاستەوخۆ

ڕاپۆرتێک: زیاتر لە 300 کۆچبەری کورد لە لیبیا ڕفێندراون و هەڕەشەی دەرهێنانی گورچیلەیان لێکراوە

reset font size increase font size

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی بی بی سی، زیاتر لە 300 گەنجی هەرێمی کوردستان، کە بە هیوای گەیشتن بە بەریتانیا لەلایەن قاچاخچییەکانەوە برابوونە لیبیا، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە ڕفێندراون و بە بارمتە گیراون.

چەکدارەکان بۆ ئازادکردنی هەر گەنجێک داوای 5 هەزار دۆلاریان کردووە و هەڕەشەی دەرهێنانی گورچیلەیان لێکردوون، بەپێی بەڵگەکان و شایەتحاڵەکانیش، پزیشکانی بریتانی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە نەشتەرگەریی دەرهێنانی ئەندامی جەستە بۆ بەشێک لەو گەنجانە کراوە.

تیمێکی بنکۆڵکاریی بی بی سی، لە شوباتی ئەمساڵدا سەردانی شارۆچکەی ڕانیەیان کردووە، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای 'چاسام هاوس'ی بەریتانی، ناوچەکە بە یەکێک لە ناوەندە چالاکەکانی تۆڕی قاچاخچێتی دادەنرێت.

لەوێدا چەندین خێزان چیرۆکی تراژیدیی ڕۆڵەکانیان گێڕاوەتەوە کە لە هاوینی ساڵی 2025دا، بە فڕۆکە گواستراونەتەوە بۆ لیبیا و دواتر لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی داخراودا لەلایەن میلیشیاکانەوە زیندانی کراون.

کێشەی نێوان قاچاخچییەکان و میلیشیاکان

گەشتەکە لەلایەن قاچاخچییەکی ناسراوی خەڵکی ڕانیە بە ناوی "نۆح ئارۆن" ڕێکخرابوو، کە ئێستا لە فەرەنسا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ناکۆکیی دارایی نێوان ئەم قاچاخچییە و میلیشیاکانی لیبیا، چەکدارەکان گەنجە کوردەکانیان وەک بارمتە گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە دەبێت خێزانەکانیان بۆ هەر کەسێک 5 هەزار دۆلار بدەن، ئەگەرنا بە دەرهێنانی گورچیلەکانیان ئەو پارەیە قەرەبوو دەکەنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا جگە لە نۆح، ناوی قاچاخچییەکی تریش بە ناوی "کاردۆ جاف" هاتووە کە مانگی ڕابردوو دەستگیرکراوە و پێشتر لەگەڵ نۆح کاریکردووە.

ژووری مردن و بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەوە

ئەو گەنجانەی کە ڕزگاریان بووە، شوێنی ئەشکەنجەدانەکانیان نیشانی تیمی میدیایی بی بی سی داوە و ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی 180 کەس لە یەک ژووری زۆر بچووک و گەرمدا پێکەوە دەستبەسەر کرابوون و یەکێک لە بارمتەکان گیانی لەدەستداوە.

باوکی یەکێک لە بارمتەکان لە ڕانیە ڕایگەیاندووە کە پارەکەی داوە و کوڕەکەی لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ 110 گەنجی تر بە فڕۆکەیەکی تایبەتی حکومەتی عێراق گەڕاوەتەوە، بەڵام وێنەیەکی کوڕەکەی نیشانداوە کە شوێنی برینێکی گەورە لەسەر پشتی هەیە.

پزیشکانی پسپۆڕ لە بریتانیا دوای بینینی وێنەی برینی چەندین گەنجی تری ڕزگاربوو، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو برینانە ڕێک هاوشێوەی ئەو بڕینانەن کە لە نەشتەرگەریی دەرهێنانی گورچیلەدا دەکرێن.

ژووری 180 کەسی و حەوت مانگ بێبینینی خۆر

 ئەو گەنجانەی کە ڕزگاریان بووە و لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا بە فڕۆکەیەکی تایبەتی حکومەتی عێراق (کە ژمارەیان 110 گەنج بوو) گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، دۆخی دەستبەسەركردنیان لە لیبیا هاوشێوەی دۆزەخ بووە.

گەنجێکی تەمەن 16 ساڵان دەڵێت: "ئێمە 178 کەس بووین لە یەک ژووری زۆر بچووکدا، بۆ ماوەی شەش مانگ خۆرمان نەبینی، بەهۆی کەمیی شوێنەوە ناچار بووین بە دانیشتنەوە بخەوین."

یەکێکی تر لە ڕزگاربووەکان بە بەرزکردنەوەی پانتۆڵەکەی، شوێنی سووتانی قورسی سەر قاچەکانی نیشانی تیمی بی بی سی داوە.

جیا لەوەی تەنیا یەک ژەمی زۆر بچووک نانیان پێدراوە، ئەویش ئەگەر خێزانەکانیان پارەی زیادەیان بناردایە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: کۆچکردن بەردەوامە

هێمن میرانی، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بوونی ئەم هەموو مەترسییە گەورانە، لێشاوی کۆچی نایاسایی گەنجانی هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا هێشتا بەردەوامە و نەوەستاوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی کورد گومانی ئەوە دەکەن بەشێک لەو گەنجانەی پارەی ڕزگاربونیان نەبووە، بە ناچاری بە ئەندامانی جەستەیان باجی ئازادبوونی خۆیان دابێت.

ناوبراو بە خەمبارییەوە باس لە چیرۆکی باوکێک دەکات کە کوڕەکەی لە لیبیا دوای دەرهێنانی ئەندامێکی جەستەی گیانی لەدەستداوە؛ بەڵام کاتێک باوکەکە تەرمی کوڕەکەی لە ڕانیە بە خاک دەسپێرێت، لەناو پرسەکەیدا دەزانێت کە دوو کوڕی تری خزمە نزیکەکانیان تازە بە هەمان ڕێگەدا بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوون!

دەڵێت: "بەشە زۆر خەمناکەکەی چیرۆکەکە ئەوەیە، کە ئێمە سەرەڕای ئەم هەموو کارەساتە هێشتا دەرس وەرناگرین و لێشاوی کۆچەکە هەر بەردەوامە."

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.