سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ جدی و بونیادنەر بوون و هەندێک خاڵیش پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هێشتا چەند پرسێکی بنەڕەتی ماون و پێویستیان بە چارەسەری هاوبەش هەیە.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی هەرێم، دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدای سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم تاوتوێ کرد.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 ببێتە دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە کێشە داراییەکان و نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دووبارە بوونەتەوە.
"گفتوگۆکانی کۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی جدی و بونیادنەر بەڕێوە دەچن، هەندێک خاڵ پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا چەند پرسێکی بنەڕەتی ماون کە پێویستیان بە چارەسەری هاوبەش هەیە."
بڕیارە هەفتەی داهاتووش، دەستەی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان درێژە بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە.