بڕیارە سبەی دووشەممە کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە و چەند بابەتێکی هەستیار، لەوانەش دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری، چەکدانانی پەکەکە، دۆخی ئابووری و گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی لە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بە دەست گەیشتوون، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ دەکرێت، بە جۆرێک کە دەستەی هەماهەنگی پاڵپشتی و یەکگرتوویی نیشتمانی ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو لیژنە لاوەکییانەی دیاری کردووە، کە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن، هاوکات باس لە دامەزراندنی (لیژنەی چاودێری) دەکرێت، کە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا پێک بهێنرێت بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکان دوای پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی تەواوەتی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەوە.
دۆخی ئابووری و ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە، کە بە 29.73% ڕاگەیەندراوە، لەگەڵ هەنگاوەکانی بەرنامەی مەودا مامناوەند و چوارچێوەی گفتوگۆکانی بودجەی گشتیی ناوەندی کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە پەرلەمان دەست پێ بکات، مژاری دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن.