بە گوێرەی ڕاپۆرتی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی ئاوی ئێران، بەفری سەر لوتکەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.
توێژینەوەکان دەریدەخەن، بەفری سەر چیاکانی زاگرۆس لە دەیەکانی ڕابردوودا بە ڕێژەی لەسەدا ٤٧ کەم بوونەتەوە و ڕووبەری بەفری (زەردەکێوی بەختیاری) کە گرنگترین سەرچاوەی ئاوی چەند پارێزگایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
پیسبوونی هەوا، درێژبوونەوەی وەرزی گەرما، و جێگرتنەوەی بەفر بە باران لە بەرزاییەکاندا، بوونەتەهۆی توانەوەی خێراتری بەفر لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا.
لە لایەکی دیکەوە، هۆکارە مرۆییەکانی وەک زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان، بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی سەرچاوەکانی ئاو، هەڵکەندنی بیر، و پەرەپێدانی بیناسازی و ڕێگەوبان لە ناوچە شاخاوییەکان، گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ئەم سەرچاوە سروشتییانە.