فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆتاییهاتنی 13یەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خاکی ئێران ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، چەندین کۆگای چەک و بنکەی سەربازیی سەر بە سوپای ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، لەم هێرشانەدا سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازی، کۆگاکانی هەڵگرتنی درۆن، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن و ناوەندەکانی چاودێریی دەریایی و ئاسمانیی ئێران بە وردی کراونەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ڕاستەوخۆ لەم کردەوە سەربازییانە، پەکخستن و لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێرانە لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی گەرووی هورمزدا.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتیی گەرووی هورمز تاوەکو ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە و کەشتییە بازرگانییەکان دەتوانن هاتوچۆی تێدا بکەن، لە هەمان کاتدا هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە دابینکردنی پاراستن و پاڵپشتیی ئەمنیی پێویست بۆ جموجۆڵی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.