وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند، بە ڕەنجی 57 هەزار جوتیار، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان بگاتە ملیۆن و نیوێک تۆن، بەڵام حکومەتی فیدراڵیی عێراق تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگرێت.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، چەند مژدەیەکی لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، پرۆسەی بەپیشەسازیکردنی گەنم چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛
لەو چوارچێوەیەشدا دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت گەنمی زیادەی جووتیاران بۆ مەبەستی پیشەسازی دەکڕنەوە.
ڕێگری لە گەنمی قاچاخ و توانای سایلۆکان
وەزیری کشتوکاڵ جەختی لە پاراستنی مافی جووتیارانی ناوخۆ کردەوە و ڕایگەیاند: "ڕێگریی توند کراوە و ڕێگەنەدراوە تەنانەت یەک دەنکە گەنمی قاچاخیش بچێتە ناو سایلۆکانەوە." گوتیشی لە ئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزە و توانای کۆگەکردنی ملیۆنێک تۆن گەنمی لە سایلۆکاندا هەیە.
پێشپێکانی هەناردەکردنی تەماتە و بەرهەمی ناوخۆیی
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بێگەرد تاڵەبانی مژدەی ئەوەی دا کە لە ماوەیەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی تەماتە بۆ دەرەوەی وڵات دەکات.
هاوکتات ئاماری فەرمیی چەند بەرهەمێکی ستراتیژیی دیکەی ناوخۆیی ئاشکرا کرد کە بەم شێوەیەیە:
پەتاتە: ساڵانە ملیۆنێک تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت.
گۆشتی مریشک: ساڵانە قەبارەی بەرهەمهێنان دەگاتە 300 هەزار تۆن.