ڕاستەوخۆ

عەلی زەیدی: هەر وەزیرێک بەڵگەی گەندەڵی لەسەر بێت کاتژمێرێک لە پۆستەکەیدا نایهێڵمەوە

reset font size increase font size

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تووندترین هۆشداریی ئاراستەی ئەندامانی کابینەکەی دەکات و رایدەگەیێنێت، "هەر وەزیرێک بەڵگەی گەندەڵی لەسەر بێت، کاتژمێرێک لە پۆستەکەیدا نایهێڵمەوە."

راشیگەیاند کە هێرشەکەیان بۆ سەر گەندەڵکاران هێشتا لە قۆناخی یەکەمدایە.

ئەم لێدوانە تووندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی هەشتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا هات، کە تێیدا چەندین پرسی گرنگی وەک کەرتی وزە، باج، نیشتەجێکردن و چاکسازیی دارایی تاوتوێکران.

"هیچ کەس پارێزبەندیی نییە"

عەلی فالح زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە شەرعیەتی راستەقینەی حکومەتەکەی بەستراوەتەوە بە پاراستنی بەرژەوەندی و سامانی گشتیی گەلی عێراقەوە.

زەیدی گوتی: "ئەو هێرش و هەڵمەتەی دژی گەندەڵی دەستمان پێکردووە، تەنیا قۆناخی یەکەمە. حکومەت لەپێناو گەڕاندنەوەی پارەی گشتی بۆ سەرجەم پارێزگاکان بەردەوام دەبێت و لەم بەرپرسیارێتییەشدا چاوپۆشی لە کەس ناکرێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر قابیلی قبووڵ نییە لە بەرامبەر دۆخی ئێستادا بێدەنگی هەڵبژێردرێت و گوتی: "گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە پاسەوانی بەهێز و دڵسۆز لەسەر پارەی گشتی هەن. رێگە نادەین گەندەڵکاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بن بۆ ئەوەی سامانی هەژاران بقۆزنەوە، چەک و هێزیش تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا کورت دەکرێتەوە."

زەیدی داوای لە سەرجەم دەزگا چاودێرییەکان کرد، هەر تێبینی، ئاماژە یان بەڵگەیەک لەسەر کەمتەرخەمی و گەندەڵی لە وەزارەتەکاندا هەیە، راستەوخۆ پێشکەشی بکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی تووند و خێرا بگیرێتەبەر.

سەپاندنی باجی 35% بەسەر کۆمپانیا نەوتییەکاندا

لە چوارچێوەی چاکسازیی دارایی و ئابووریدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسندکرد، کە بەپێی ئەوە؛ سەرجەم کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و بەڵێندەرانی کارکەر لە عێراق، دەخرێنە ژێر یاسای باجی داهاتی ژمارە 19ی ساڵی 2010.

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، باجێکی جێگیر بە رێژەی 35% بەسەر کۆی گشتیی ئەو داهاتەدا دەسەپێنرێت کە ئەم کۆمپانیایانە لە ناوخۆی عێراقدا دەستیان دەکەوێت.

هاوكات بڕیاردرا زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکانیش پابەند بکرێن بەدانی باجەکانیان؛ بە جۆرێک ئەگەر لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بنەڕەتی باجەکەیان بدەن، بە رێژەی 100% لە سزا و سوودە داراییەکان دەبەخشرێن.

کارەبا و پڕۆژەی ملیۆنێک زەوی

سەبارەت بە کەرتی خزمەتگوزارییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە چوارچێوەی "بودجەی پڕۆگرامەکان" بۆ ساڵی داهاتوو، پشکی کەرتی کارەبا زیاد دەکرێت.

ئامانجی حکومەت ئەوەیە لەمساڵدا گرێبەستی دابینکردنی 25,000 مێگاوات کارەبا واژۆ بکات، بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا تۆڕی نیشتمانیی کارەبا دۆخێکی زۆر باشتر بەخۆیەوە ببینێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێشخەریی (ملیۆنێک پارچە زەوی نیشتەجێبوون)ی وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی و ستراتیژی بۆ دابینکردنی زەوی و ژێرخانی پێویست لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) پەسندکرد.

بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی زەیدی پێکهێنرا بۆ دارشتنی نەخشەڕێگا و دیاریکردنی شایستەبووانی پڕۆژەکە

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.